وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندن پێشبینییەکانى کەشوهەواى 48 کاتژمێرى داهاتوى بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە ئەنجامى یەکگرتنی هەردو نزمە پاڵە پەستۆى دەریاى ناوەڕاست و دەریاى سور لە دواى نیوەڕۆى رۆژى چوارشەممە شەپۆلێکى باران بارین رو لە سەرجەم ناوچە جیاجیاکان دەکات.
پێشبینى کراوە کە سەرەتا لە سنوورى پارێزگاى دهۆک باران بارین دەست پێدەکات، پاشان باران بارین لە ئێوارەدا ئاستى زیاد دەکات بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و سنورى پارێزگاى دهۆک پاشان سنورى پارێزگاى هەولێر.
سەبارەت بە رۆژى پێنجشەممە پێشبینى کراوە کە لە کاتەکانى بەرەبەیان لە ئەنجامى زیادبون و بەهێزبونى شەپۆلى باران بارین لە سەرجەم ناوچەکەمان ئاستى باران دەگۆڕێت بۆ بارانى مامناوەند و لێزمە باران لەگەڵ باران بارین شەپۆڵێکى هەورە تریشقە و زیادبونى خێرایی با کە هەندێ کات دەگاتە سەروى 25 کم لە کاتژمێرێکدا لەگەڵ باران بارین ئەگەرى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو هەیە.
ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە لە رۆژى هەینى کاریگەرى ئەم شەپۆلە لەسەر سنوورى پارێزگاى هەولێر و دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانى لاواز دەبێت، بەڵام کاریگەرى لەسەر سنورى پارێزگاى سلێمانى و کەرکوک و هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان بەردەوامى دەبێت.
