Apora Logo

هەولێر دەتەقێتەوە ئەگەر ئێوە خۆتان فریا نەکەون

هەولێر دەتەقێتەوە ئەگەر ئێوە خۆتان فریا نەکەون
بەدران حەبیببەدران حەبیب

بەدران حەبیب

11/1/2024

من ئەم داوایەم لەو کەسولایەنانەیە کە دەتوانن فریا بکەون‌و نەهێڵن ئەوەی ڕوو دەدات ڕوو بدات، بەتایبەتی (پارتی) لەبەرزترین لوتکەیەوە تا دوا بنکەی خۆی پێویستە ئەو وتانەی ئیدریس مەسعودی نانەوا بەهەند وەرگرێت‌و ئاوڕێک لەو بارودۆخە چەوت‌و چەوێڵە بداتەوە کە هاتوەتە گۆڕێ.


(هەولێرو هەولێری) کۆیلەنین، وەک کە ڕاگەیاندنی یەکێتی چەندان ساڵە کردویە بەبنێشتە خۆشکەی بن ددانی خەڵکەکەی، دورنییە پارتییش بەم ناووناتۆرەیە باوەڕی کردبێت، جیاوازیی هەولێر ئەوەیە، ڕوینەداوە هیچ جارێک کە پەنگدانەوەی ناخی خەڵکەکەی بەفێڵ‌و تەڵەکەی دەسەڵاتێک بەتاڵ بوبێتەوە، ناخێکی ئاوها پڕی هەولێرو هەولێری، دواجار گوریسی دەگاتە بن هێچک (کوردواتەنی)و کار لەکار دەترازێنێت.


بۆیە، داوادەکەم بەسە چیتر گوێ لەو داودەزگەو ڕاگەیاندنەی خۆتان مەگرن کە ڕێتان پێ هەڵە دەکەن‌و دەڵێن “هەولێری هەموو هەبوەو تێرن‌و هیچ کێشەیان نییە”، نەوەکا هەر خۆیشتان دوایە گلەیی بکەن‌و بڵێن کەس نەبوو ڕێبەدێییمان بکات، ئەگەر داوێکی نیشتمانپەروەری مابێت، پێویستە تا زوە بەهاوارەوە بێن‌و فریای بانگەوازی ئەم گەلە بکەون کە هەر ئەو ئێوەی دروستکرد، ئەو گەلەی هەموو قوربانییەکیداو پشوی درێژ بوو لەگەڵتاندا.


ئەگەر فریا نەکەون، دڵنیابن حکومەتی شیعە لەبەغدا، لەئاسمان بەدوای هەلدا دەگەڕێت‌و لەزەویدا دەکەوێتە دەستی، ئەگەر فریا نەکەون، خۆتان باشتر دەزانن چۆن کۆماری ئیسلامیی ئێران‌و تورکیا خواخوای ئەو ڕۆژەیانە هەلێکی وایان بێتە دەست کە ئەم دەسەڵاتە خۆماڵییەی ئێمە بەرەو گۆڕستان بپێچنەوە، تکایە تەنها یەکجار واز لەپشتبەستن بەدەرەکی‌و خوڕین بەدەرەکی بێنن‌و وەرنەوە لای ئەم گەلە مەزنەی خۆتان.


چەند جوانە کە حاجی قادری کۆیی وتی:

حاجی کەسێکە بێکەس، بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێ

گوێی لێ دەکەن زەریفە، نایکەن، بەڵا لەخۆتان

;