ئەمڕۆ شەممە زانا رەحمان رەحیم، قایمقامى قەزاى پێنجوێن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "لەلایەن وتەبێژى وەزارەتى کارەباوە ئاگادار کراوینەتەوە کە کێشەى کارەبا لە قەزاکەمان چارەسەرکراوە".
ئاماژەی بەوەشکرد "لەگەل چارەسەرکردنى کێشەى کارەباى سنوورەکە پێویستە سەرجەم ئەو زیادەڕەوییانەی کراونەتە سەر تۆڕەکانی کارەبا لاببرێت لەلایەن لیژنەیەک کە پێکهاتبن لە نوێنەری یەکە کارگێڕییەکانی سنووری قەزای پێنجوێن، هۆبەی چاکسازی کارەبای پێنجوێن، یاریدەدەرێتی ئاسایشی پێنجوێن، بەشی پۆلیسی پێنجوێن و کەسی زیادەڕەوی کار بدرێتە دادگا".
داواش دەکات لە قۆناغی کۆتایی بەستنی پێوەری زیرەک لە هەرێمی کوردستان پێنجوێنیش پێوەری زیرەکی بۆ ببەسترێت کە پێوەرەکە میکانیزمێکە کە زامنی کارەبای 24 کاتژمێری دەکات لە سنووری قەزای پێنجوێن بەشێوەیەکی یەکجاری و ریشەیی.
قایمقامی پێنجوێن لە کۆتایی بەیاننامەکەدا سوپاسى ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەش دەکات کە هاوکاربوون لە چارەسەرى کێشەى کارەبا لە قەزاى پێنجوێن و دەڵێت "سوپاسى هاوڵاتییانى پێنجوێن دەکەین کە هەمیشە منەتبارمان دەکەن بە ئارامگرتن و هاوکاریی و پاڵپشتیکردنمان".