له كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی وڵاته عه‌ره‌بی و ئیسلامیه‌كان كه له سعودیه سه‌باره‌ت غه‌زه به‌سترا ، زۆر سه‌رۆك و شا‌و ئه‌میر قسه‌یان كرد‌و زۆربه‌ی قسه‌كانیش گله‌یی برایانه بوون له ئیسرائیل ، متوه‌یه‌ك بێده‌نگیم هه‌ڵبژارد به‌ڵكو خودایه كوردێك له سه‌ر قسه‌كانی دوو سه‌رداری ئێران و توركیا شتێك بڵێت نا ، نه‌بوو .
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان و ڕه‌یسی وه‌ك دوو سه‌رۆكی توركیا‌و ئێران گوتیان دوو وه‌زیر بیانگوتبا ، دوو دووفه‌رمانده‌ی سه‌ربازی ، ره‌نگه هیچ پێویستی به هه‌ڵوه‌سته نه‌كردبا ، لێ ئه‌وان دوو سه‌رۆكی دوو وڵاتی زه‌به‌لاحن كه سه‌دان ساڵه كورد كوشت و بڕ ده‌كه‌ن ، ژن و منداڵ ده‌كوژن .
من له كه‌ناڵی ئاسمانی كوردسات ته‌ماشای لێدوانه‌كانی ئه‌و دووه‌م ده‌كرد ، كه هه‌ردوك ئاگریان له هه‌ناوی به‌ربووبوو بۆ غه‌زه ، لێ بوێری ستۆپێكیان نه‌بوو له ئیسرائیل ، ئه‌و دووه باسی كوشتنی ژن و منداڵیان ده‌كرد ، هه‌ر له‌و سه‌رو به‌نده‌ی پیاوانی ئه‌وان به به‌رچاوی دنیاوه ژن و منداڵی كورد ده‌كوژن ، زۆر نیه له ڕانیه فڕۆكه‌ی توركی دوو خاتونی بریندار كرد ، پێشتریش خاتونێكی به ڕومه‌تی له گوندی خۆیان هه‌ر له‌و ده‌ڤه‌ره شه‌هید كرد ، ئیدی منداڵ كوشتنیش له كورته‌كه‌وه تا كانی ماسی و شه‌نگال و عفرین هه‌رمه‌پرسه .
كاسبكاری كورد ده‌كوژن ، كۆڵبه‌ری كورد ده‌ده‌نه به‌ر ڕێژنه‌ی گوللان ، ئازادیخوازی كورد له دار ده‌ده‌ن ، له سه‌ر وشه زیندانه‌كان پڕده‌كه‌ن له كوردی به‌شه‌ره‌ف ، ته‌نانه‌ت مافی بینین له سه‌ردارو سه‌رۆكی كوردان له زیندان قه‌ده‌غه ده‌كه‌ن، له‌و لاشه‌وه شین و شه‌پۆڕی ژن و منداڵی غه‌زه‌ییانه .
چه‌ند قشت ده‌ڵێن ئیدانه‌ی كوشتنی ژن و منداڵی بێ‌تاوان ده‌كه‌ین ، وه‌ك ئه‌وه‌ی ژن و منداڵی كورد تاوانباربن ، وه‌ك ئه‌وه‌ی كورد بوون تاوان بێت ، مۆراڵ بۆ سه‌رباز زۆر گرنگ نیه ، لێ بۆ سه‌رۆك گرنگه ، چونكه مۆراڵ بۆ سه‌رۆك په‌یوه‌سته به‌شه‌ره‌فه‌وه ، مۆراڵی له‌ق بێت شه‌ره‌فیشی له‌قه .
چه‌ند شه‌رمه مرۆڤ برینی دورترببینێت و برینه‌خوێناویه‌كانی ده‌ستی خۆی نه‌بینێ .