لە زۆربەی نوسینەکانی ڕابردومدا هەمیشە جەختم لە تەبایی و گرنگی یەکگرتنی ناوخۆییمان کردۆتەوە ، ڕەنگە زۆرینەی خوێنەرانی بابەتەکان تێبینی ئەمەیان کردبێت، دەکرێت ئەو هەموو پێداگیریی و جەختکردنەوە لەسەر یەکگرتن لە نوسینەکانمدا لای خوێنەران جێگای سەر سوڕمان بێت، بۆیە پێویست بوو لەم نوسینەدا بابەتەکە زیاتر ڕوون بکەمەوە.
دابەشبوونی کۆمەڵگه بەسەر جەمسەرەکان بەتایبەت جەمسەربەندی قوڵ و توندی سیاسی (استقطاب السیاسی) مەترسی لەسەر سیستمی دیموکراسی دروستدەکات بۆ نمونە ڕێگەدەگرێت لەسازانی یاسایی لەپێناو دەرکردنی یاساکان، پەنابردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەدەرەوەی دادگاکان… تەنانەت هەندێكجار دەبێتە هۆی تێکچونی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و سەر دەکێشێت بۆ پەنا بردنی لایەنەکان بۆ بەکارهێنانی هێزی چەک و توندوتیژی بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان، هەروەها ڕێگەخۆشکەردەبێت بۆ دەستوەردانی دەرەکی.
نیگەرانیم لەداهاتوی هەرێم لەو کاتانە زیاتر دەبێت کە دەبینم ئەو ڕق و کینە سیاسییەی ناوخۆییمان و ئەو پەرتەوازەییە چەند زیانی بەکوردو پرسە ڕەواکەيی و مافەکانی گەیاندوە. هەمیشە ئەو وتەیەی دۆستێکی بیانیم لەکۆتاییەکانی (شەڕی داعش) دێنێتەوە یاد کە پێی وتم، وریابن دۆخی وڵاتەکەتان وەکو ئەفغانستان و لوبنانی لێ نهیهت.
لێکترازانی سیاسی سەخت لەو کاتانەدا زۆر زیان بەوڵات دەگەێنێت کە دامەزراوە فەرمییەکان لاوازبن و توانای كۆنترۆڵكردنى بارودۆخەکەیان نەبێت، یان لەوکاتەی دامەزراوە سەربازی و ئەمنی و هێزەکانی سەپاندنی یاسا، ببنە بەشێک لەجەمسەربەندییەکان.
لەبەر درککردن بەمەترسی زیاتری ئەو لێکترازانەو دەرهاویشتە نەرێنییەکانی لەسەر هەرێمەکەمان و بۆئەوەی بەدەردی دۆخی ئەفغانستان و لوبنانی لێ نهیهت، هەروەها لەبەرئەوەی هیچ هەنگاوێکی کرداری بەرهەمدار بۆ یەکگرتنی ناوەخۆیی لەهەرێم نەهاوێژراوە، سەرەڕای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ناوچەیەکی جیۆپۆلیتێکی ئاڵۆزەوەو ئێمە لەو ناوچەیەدا زیاتر لەهەموو نەتەوەکانی تر پێویستیمان بەیەکگرتنی ناوەخۆیی هەیە، هەربۆیە من و خەلکانی وەکو من ناچاربوون بەبەردەوامی باس لەگرنگییەکانی یەکگرتن و مەترسییەکانی ناتەبایی بکەن.
بەدیدی من ئەوەی ئێمە دەتوانین بەیەکگرتن و سیاسەتی ژیرانەو بەئاشتیانەو کاری پێکەوەیی لەو سەردەمەدا بەدەستیبهێنین، بەپەنابردنەبەر توندوتیژی و بەپەرتەوازەیمان لەناوخۆ بەئاسانی لەدەستیدەدەین.
ئاماژەکان بەرەو ئەوەن کەئەگەر چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی لێکترازان و سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات نەدۆزرێتەوە، ناتوانین ڕوبەڕووی ئەو ئالنگارییە دارایی و سیاسییانەی لەبەغداوە ڕوبەڕووی هەرێم دەبنەوە ببینەوە. هەروەها ناتوانین هەڕەشەکانی وەکو دیادەی گەندەلیش کەمبکەینەوە، هەرچەند ئەگەر قەڵاچۆکردنی گەندەلی، دروشمی زۆربەی پارتە سیاسییەکانیش بێت.
بڵاوبونەوەی گەندەڵی بەشێوەیەکی فراوان و لەهەموو ئاستەکاندا مەترسی جدی بۆ سەر کۆی سیستمی سیاسی وڵاتان دروستدەکات، تائەو ڕادەیە کە لی کوان یوی باوکی دامەزرێنەری سەنگاپورا دەڵێت گەر گەندەلی لەئاستی هەرە باڵاو لەسەرەوە بۆ خوارەوە لەوڵاتێکدا بڵاوببێتەوە، تەنها چارەسەرکردنی بەشۆڕش دەبێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەنجامی شۆڕشەکانیش هەمیشە باش و بەدڵی شۆڕشگێڕان نابێت.
شۆڕش بەمانای هەڵچوون و سەرهەڵدانی جەماوەر بۆ گۆڕینی کۆی سیستمی سیاسی و فەرمانڕەواکانیان، کە ڕووداوێکی ڕادیکالی هەمەلایەنە دژ بەدەسەڵاتی خۆسەپێن کە دەرفەتی گۆڕینی بەڕێگای دیموکراسی ئەستەم بێت، جیاوازە لەبزوتنەوە ڕزگاریخوازەکان.
پەنابردنەبەر شۆڕش هەمیشە هەڵبژاردنێکی باش و بێ زیان نییە، هەربۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئەرێنی و بۆ دورخستنەوەی وڵات لەئەگەری شۆڕش، بریتیە لەوەی کە لەپاڵ ڕیفۆرمی ڕاستەقینەی خێراو ڕیشەیی، پرۆسەی گەشەسەندنو پەرەسەندنی بەردەوامی سیاسی، ئابوری، یاساییو کۆمەڵایەتی بەڕێوەبچێت.
کە ئەوەش لەسایەی هەبوونی دادپەروەریو حوکمڕانی باش دەستەبەر دەبێت، عەدالەتیش بەبێ یاسای دادپەروەرانەو مودێڕنو بەبێبونی هێزی سەپاندنی یاسای نیشتمانی بێلایەن ناهێتەدی.
لەوڵاتانی دیموکراسی پێشکەوتوودا زۆر هۆشیارن لەوەدا کە هێزی ڕەها لەدەستی تاقمێک یان تاکە کەس کۆنەبێتەوە بۆ ئەوەی دادپەروەری بپارێزن، چونکە کۆکردنەوەو پێدانی هەموو دەسەڵاتەکان بەکەسێک هەروەک مۆنتسیکۆ دەڵێت: دەبێتەوە هۆی ئەوەی گرنترین دەسەڵات کە دادپەروەرییە لێی بسەندرێتەوە.
سەرەڕایی دۆخێکی زۆر نالەبار، بەڵام ئێمە لەخاڵێکی وەرچەرخانی مێژویداین، ئەو تەنگەژەو قەیرانانە دەرفەتی شاراوەیان تێدایە، گەر بیاندۆزینەوەو پێکەوە هێزی ناوخۆمانو عەقلانیەت لەسیاسەتدا پەیڕەوبکەین.