Apora Logo

لەسەرمانە ئەوەی هەمانە بیپارێزین

لەسەرمانە ئەوەی هەمانە بیپارێزین
نەزهەت حاڵینەزهەت حاڵی

نەزهەت حالی

29/9/2023

لە وڵاتێکی ئازاد و دیمۆکراسی وەکو هەرێمی کوردستان و بۆ گەلەکەی کە بە دەیان ساڵە بۆ ئازادی تێدەکۆشێت و قوڕبانی زۆری بۆی داوە ، لەو وڵاتەی کە حزب و سەرکردەکانیان گوێ و مێشکی جەماوەرەکانیان پڕ کردووە لە وشە و چەمکەکانی ئازادی و سەربەستی ، ئاساییە ڕای جیاواز هەبێت و نە بوونی ڕای جیاواز بە هیچ جۆرێک ئاسایی و سروشتی نابێت . لەو نێوەندەشدا ڕووداوێکی گرنگی وەکو ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی کە دەنگدانەوەیەکی جیهانی هەبووە بێگومان بەدەر نابێت لە هەڵسەنگاندنی ئاکادیمی و زانستیانە و جەماوەریانە و ڕای جیاواز. بە تایبەت لە نێوان ئەوانەی کە لە ئیستاشدا ڕیفراندۆم بە کردارێکی درووست دادەنێن و ئەو کەسانەش کە بە هەڵەی دادەنێن.


لەبەر ئەوەی زۆر ڕووداوی ناخۆش و تاڵ بە دوای ڕیفراندۆم ڕوویاندا ، بۆیە ئەو ڕا جیاوازانە بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنن.


بە شێوەیەکی گشتی پێ دەچێت تا ئەو کاتەی کە خەلک بەرهەمی باشی ڕیفراندۆم نەبینن، واتە تا ئەو کاتەی وەکو بنەمایەک لە لایەن کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بۆ مافی چارەی خۆنوسینی گەلی کوردستان لە عێڕاق دانی پێدانەنرێت و پاڵپشتی نەکرێت، ئەو مشتومڕانە و ڕا جیاوازانە هەر بمێنن.


لە ڕاستییدا بوونی ئەو بۆچونە جیاوازانە لە بنەڕەتدا نیشانەی هۆشیاری و زیندوویی نەتەوەکەمانە و سروشتییە ، بەڵام پێم وایە سروشتی نیە کە لایەنگرانی هەر دوو بۆچونەکان یەکتر تەخوین بکەن و بێڕێزی بە یەکتری بکەن. 


ئەوە مافی هاوولاتیانە کە ڕای خۆیان هەبێت، لە بەر ئەوەی ئەو جۆرە پرسانە پەیوەندی بە ژیان و ئێستا و داهاتووی ئەوان و گەلەکەیانەوە هەیە.


لایەنگرانی هەر دوو بەرەی خاوەن بۆچوونی جیاواز دەتوانن لە نوسین و لە وتەکانیان، بە لۆژیک و بەڵگە بەرگری لە بۆچونی خۆیان بکەن، هەر جۆرە باس کردنێکیش گەر بە مەبەستی وانە وەرگرتن بێت کارێکی باش دەبێت، بەڵام گەر بە مەبەستی یەکتر شکاندن بێت کارێکی ناڕەوایە و زیانی بۆ گەلەکەمان دەبێت ، بە تایبەت لەو بارودۆخە سیاسی و ئابورییە سەختەدا. 


دەبێت ئەو ڕاستییەمان لەبەر چاو بێت کەس بە قەدەر خۆمان لە دەردی خۆمان نازانێت و ناتوانێت هاوکارمان بێت، بەو جۆرە سیاسەت کردنەی ئێمە و دژایەتی کردنی یەکتری ئەو دۆستانەی کە حەز دەکەن هاووکاریمان بکەن ناتوانن هیچمان بۆ بکەن.


لەو کاتەدا تەنیا هێزی بێ ڕکابەری ئێمە وەکو گەلی کوردستان یەکگرتن و هۆشیاری و زیرەکی ئێمەیە. بۆیەش هەر نوسینێکی باش ، هەر وتەیەکی باش و هەر کردارێکی باش بۆ پتەو کردنی یەکگرتنی ناوەخۆی ئەرکێکی نیشتمانییە.


پێکەوە دەتوانین ئەو قۆناغە سەخت و دژوارە تێپەڕێنین، با هەمیشە ئەوەمان لە هزردا بێت ،کە سەربەخۆی مافی ئێمەیە بەڵام لە نێوان ماف و وەرگرتنی ماف و پاراستنی ماف زۆر جار مەودا و و هەڕەشەی زۆر هەیە، لە ئێستادا ئەوەی هەمانە لەسەرمانە بیپارێزین و موجازفەی پێوە نەکەین و خۆمان بۆ هەڕەشە و دەرفەتەکانی ئێستا و داهاتوو ئامادە بکەین.

;